سعوودیە و ئەمریکا تاوتوێی چڕکردنەوەی ھەوڵە ھاوبەشەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئێرانیان کرد

21/10/2021 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران، رۆبێرت مێڵی تاوتوێی چڕکردنەوەی ھەوڵە ھاوبەشەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئێرانیان کرد.

بەپێی ھەواڵی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی سعوودیە (SPA)، بن فەرحان و مێڵی، لە ریاز پایتەختی سعوودیە کۆبوونەتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە ھەماھەنگیی دووقۆڵیی نێوان سعوودیە و ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ئەو دانوستانە نێودەوڵەتییانەی کە لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامە، ئەنجامدرا.

ھەروەھا لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چڕکردنەوەی ھەوڵە ھاوبەشەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنەکان لە لایەن ئێرانەوە و باس لە گرنگیی بەھێزکردنی کارە ھاوبەشەکان کرا بۆ راگرتنی پاڵپشتیی ئێران بۆ حوسییەکان کە ھەرەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان دروست دەکەن.