وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە

20/10/2021 - 17:40 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌


به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی بابه‌ته‌كانی رۆژه‌ڤ لەوانە؛ بارودۆخی ئەفغانستان، رووسیا، چین و پەیوەندییەکانی ناتۆ-یەکێتیی ئەورووپا وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە رۆژانی ٢١-٢٢ی تشرینی یەکەمدا لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە.

کۆبوونەوەكه‌ كه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت رۆژی ٢١ی تشرینی یەکەم، دەست پێ دەکات.

کۆبوونەوەکە گرنگە، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆیە لە دوای لووتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیران و کشانەوەی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان لە هاوینی ئەمساڵدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بابه‌ته‌كانی وه‌ك دوایین دۆخی ئەفغانستان پاش کشانەوەی ناتۆ، هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی لە ئەفغانستان به‌ده‌ستهاتوون و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر تاوتوێ ده‌كرێن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ تاوتوێ ده‌كرێت كه‌ دوای بڕیاری ناتۆ بۆ كشانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ هه‌شت كارمه‌ندی شاندی رووسیا له‌ ناتۆدا و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، بڕیاری رووسیا بۆ راگرتنی چالاکییەکانی ئەرکی ناتۆ لە مۆسکۆ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

هاوكات باس لە هه‌ڵوێستی دووقۆڵی ناتۆ بۆ رووسیا دەکرێت كه‌ "به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و بەرگریی" و "دیالۆگ" له‌ خۆ ده‌گرێت، بەتایبەتی چۆن رەهەندی دیالۆگ لە دوای ئەو بڕیارانەی ئه‌م دواییه‌ بەرەو پێشەوە ببرێت.

پرسی هه‌ڵكشانی چین كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، ناتۆ زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرده‌وه‌ و له‌ راگەیەندراوەکەی لووتکەی ناتۆدا لە مانگی حوزەیراندا به‌ گرنگه‌وه‌ باسی كراوه‌، لەسەر مێزی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ دەبێت.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، جۆزپ بۆرێڵ لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت له‌و بەشەی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پەیوەندییەکانی ناتۆ-یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ بكرێت.

فه‌ڕه‌نسا رابه‌رایه‌تی گوتاره‌كانی "خۆبەڕێوەبەری ستراتیجیی" لەناو یەکێتیی ئەورووپادا کە لەم دواییانه‌دا سه‌رله‌نوێ زیادی کردووە، له‌گه‌ڵ بیرۆکەی دامەزراندنی سوپای یەکێتیی ئەورووپا و رزگاربوونی ئەورووپا لە پشتبەستن بە ئەمریکا لە بواری به‌رگرییدا ده‌كات.

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن دوو ساڵ به‌رله‌ ئێستا رایگه‌یاندبوو كه‌ مێشكی ناتۆ مردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رزگاربوونی ئەورووپا لە پشتبەستن بە ئەمریکا، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كه‌ لاوازکردنی په‌یوه‌ندی ترانس ئه‌تڵه‌نتیک ته‌نیا ناتۆ لاواز ناکات، بەڵکو ئەورووپاش دابەش دەکات و رایگه‌یاندبوو "شتێکی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ ئەورووپا، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ باش نابێت. من باوەڕم بە یه‌كگرتوویی ستراتیجیی هەیە".