بەریتانیا مافی پەنابەرێتی بەخشیوەتە بەرپرسی چەكی كیمیایی سەردەمی رژێمی بەعسی روخاو

17/10/2021 - 19:39 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

زانایه‌كى عێراقى له‌ بوارى كیمیادا توانى وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ به‌ریتانیا بمێنێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رى بكات، به‌هۆكارى تێوه‌گڵانى له‌ كوشتنى 100 هه‌زار كه‌س به‌ گازى كیمیایى له‌سه‌رده‌مى رژێمى سه‌ددام حوسێن دیكتاتۆرى پێشووى عێراق.

سایتى "ئاڕتى عه‌ره‌بى" روسیایى بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌ى "سه‌نداى میڕه‌ر"ى به‌ریتانیى دوێنێ راپۆرتێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌، زانایه‌كى عێراقى كه‌ پله‌ى "عه‌مید" بووه‌ له‌ سوپاى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسى رووخاو، داواى په‌نابه‌رى كردووه‌ له‌ به‌ریتانیا دواى ئه‌وه‌ى به‌ ڤیزاى كاركردن گه‌یشتوه‌ته‌ له‌نده‌نى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌.

وه‌زیرى ناوخۆى به‌ریتانیا كه‌ ئافره‌ته‌ به‌ ناوى "برێتى باتێل" هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و زانایه‌ عێراقییه‌ ده‌ربكات، به‌ڵام رێگاى پێدراوه‌ بمێنێته‌وه‌ دواى سووربوونى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌وانه‌یه‌ روبه‌ڕووى له‌سێداره‌دان ببێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق.

ئه‌و زانایه‌ عێراقییه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ى بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌یسه‌كه‌ى بۆ دادگاى باڵا له‌ فه‌رمانگه‌ى كۆچ و په‌نابه‌رێتى به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، دادگاكه‌ له‌ له‌ ته‌ممووزى رابردوودا حوكمى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و داوه‌ و مافى مانه‌وه‌ى هه‌میشه‌یى له‌ به‌ریتانیا ده‌ستكه‌وتووه‌.