داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەفغانستان راگەیاند

16/10/2021 - 10:41 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌


رێکخراوی چه‌كداری داعش بەرپرسیاریەتی خۆی له‌ تەقینەوەکە راگەیاند کە دوێنێ لە ویلایەتی قەندەهار-ی ئەفغانستان کرایە سەر مزگەوتی فاتمییە کە تایبەت بوو بە شیعەکانی ئەو وڵاتە.

لەو بارەیەشەوە رێکخراوەکە لە هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە تەقینەوەکە لەلایەن دوو خۆکوژی سەر بە رێکخراوەکەوە ئەنجامدراوە و ناوی خۆکوژەکانیشی بڵاوکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەفغانستان، ئەوەیان خستوەتەڕوو کە تەقینەوەکەی دوێنێی مزگەوتی فاتمییە-دا ٤٧ کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئیدانەی پەلامارەکەی کردووە و ئەوەشی خستوەتەڕوو کە هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە ئەنجامدەرانی پەلامارەکە بدۆزرێنەوە.

پێشتریش لە هەشتی تشرینی یەکەمدا تەقینەوەیه‌کی تر بۆسەر مزگەوتێکی شیعەکان لە ویلایەتی قەندوز ئەنجامدرابوو، رێکخراوی چه‌كداری داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەم تەقینەوەیەش راگەیاندبوو.