دوبه‌ی: رێژەی گەشتیاران لەسەدا 25 کەمی کردووە

20/09/2021 - 19:21 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


داتاکانی حکوومەتی ئیمارات ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەی دوبەی لە میانی هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا بە رێژەی لە ٢٥ کەمی کردووە، ئەمەش بۆ کاریگەرییەکانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامیی مەترسییەکان لەوبارەیەوە بۆ دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان گەڕێندراوەتەوە.

دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی دوبەی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، فڕۆکەخانەی دوبەی پێشوازیی لە ١٤ ملیۆن و ٨٦٤ هەزار گەشتیار کردووە لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٩ ملیۆن و ٨٩ هەزار گەشتیار لە فڕۆکەخانەکەوه‌ گه‌شتیان کردووە.

وێڕای داکشانی ساڵانە، بەڵام ژمارەی گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەی دوبەی لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا بە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار گەشتیار بەرزترین ژمارە بووە لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ٢٠٢٠دا، ٩٣٠ هەزار گەشتیار لە فڕۆکەخاکەوه‌ گه‌شتیان کردبوو.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌، کە بووە هۆی وەستاندنی گەشە ئاسمانییەکان لەنێوان وڵاتاندا، ژمارەی گەشتیاران له‌فڕۆكه‌خانه‌ی دوبه‌ی بە ٢٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار گەشتیار بە رێژەی لە ٧٠ دابەزینی بەخۆوە بینی لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٨٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار گەشتیار کردبوو.

هەر لە میانی هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، ژمارەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی دوبەی بە ئەنجام دانی ٨٤ هەزار و ٦٧ گەشت، لە سەدا هەشت دابەزینی بەخۆەوە بینیوە.

جێی ئاماژەیە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پلانی فڕۆکەخانەی دوبەی پەک خست که‌ بریتی بوو له‌وه‌ی ژمارەی گەشتیارانی بگەیەنێتە ١٠٠ ملیۆن گەشتیار لەو ساڵەدا.

بەگوێرەی داتاکانی یەکێتیی گواستنەی ئاسمانیی "IATA"، کەرتی گەشتیاریی یەکێکە لەو کەرتانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زۆرترین کاریگەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کەوتووەتە سەر و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی تاوەکو ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام بێت.