ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌ته‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌فغانستان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ درێژكرده‌وه‌

18/09/2021 - 10:28 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، بڕیاریدا ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌ته‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌فغانستان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ درێژ بكرێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی داهاتووی نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ كه‌وتبوویه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ركه‌كه‌ى بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ درێژ كرده‌وه‌.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌بڕیاره‌كه‌دا، جه‌ختی له‌سه‌ر درووستكردنی حكوومه‌تێكی گشتی له‌ئه‌فغانستان وبه‌نوێنه‌رایه‌تی هه‌موولایه‌ك كه‌به‌تایبه‌تی نوێنه‌رایه‌تی ژنان تێدا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان ده‌بێت كرده‌وه‌ وداوایكرد كه‌رێز له‌مافه‌كانی ژنان، منداڵانی كچ وكه‌مایه‌تییه‌كان بگیرێت.

داوایكردوه‌: هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت وبه‌بێ ئاسته‌نگ بگاته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و رایگه‌یاند: ده‌بێت خاكی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن هیچ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی، پلاندانان بۆ كرداری تیرۆریستی، پاڵپشتی كردنی تیرۆر، له‌خۆگرتنی تیرۆریستان و راهێنانی تیرۆریستان به‌كارنه‌هێندرێت.

نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پێشكه‌ش كردنی هاوكاری له‌ئه‌فغانستان، له‌ساڵی 2002وه‌ له‌و وڵاته‌ له‌ئه‌ركدان.