حەماس لە بەرامبەر گیان لەدەستدانی فەڵەستینییەک ئیسرائیل تۆماتبار دەکات

23/07/2021 - 09:32 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە بەرپرسیار لە گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی فەڵەستینی ناو ده‌بات.

وته‌بێژی بزووتنەوە، محەمەد حەمادە لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نوسیویەتی: "ئیسرائیل بە بەرپرسیار لە گیان لەدەستدانی عەبو یوسف خەتیب تەمیمی تەمەن ٤٣ ساڵ، دەزانین".

حەمادە، باسی لەوەش کردووە کە ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینییە لە کاتێکدا لە بنکەیەکی پۆلیسی رۆژئاوای قودس دەستبەسەر بووە لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلییەوە بەتوندی لێیدراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا بانگەشەکانی ئیسرائیل دەربارەی ئەوەی کە "تەمیمی بە جەڵدەی دڵ گیانی لەدەستداوە" رەتکراوەتەوە جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە تەمیمی چوار رۆژ بەر لە ئێستا بە تۆمەتی "نەبوونی مۆڵەتی شۆفێری" دەستبەسەر کرا و دوێنێ لەکاتی لێکۆڵینەوە دا گیانی لەدەستدا.

هەرچەندە حکوومەتی ئیسرائیل هۆکاری گیان لەدەستدانی ناوبراوی گەڕاندەوە بۆ تووشبوونی بە جەڵدەی دڵ بەڵام خێزانی تەمیمی و رێکخراوە فەڵەستینییەکان ئەو هۆکارەیان رەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.