ئێران ئامادەیی دانووستانە لەگەڵ سعوودیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

24/01/2021 - 17:53 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە: "ئەگەر ئەو گۆڕانکاریە بە جددی ببێتە رۆژەڤیان و سعوودیەکان بەو ئەنجامە بگەن کە رێگە چارەی کێشەکان بە هاریکاریی هەرێمیی دەبێت، ئەوا ئێران یەکەم وڵات دەبێت کە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە، ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە سعوودیە هەندێ نیگەرانی هەبێت لە سیاسەتی تاراندا، لەبەرئەوە ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی ریازدا دانووستان لەسەر ئەو بابەتانە بکەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانی (ISNA)، خەتیبزادە هەڵسەنگاندنی بۆ بانگەوازی قەتەر لەبارەی ''دیالۆگی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو'' و بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.

خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە سیاسەتی سعوودیە لەبارەی هەندێ وڵاتانی کەنداو گۆڕانکاری ئەرێنیی تێدا روویداوە، و، گوتی: ''ئەگەر ئەو گۆڕانکاریە بە جددی ببێتە رۆژەڤیان و سعوودیەکان بەو ئەنجامە بگەن کە رێگە چارەی کێشەکان بە هاریکاریی هەرێمیی دەبێت، ئەوا ئێران یەکەم وڵات دەبێت کە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات''.

خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە ئامادەی دانووستانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و، رایگەیاند: ''دەکرێ سعوودیەکان هەندێ نیگەرانییان هەبێت، لەبەرئەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانەوە بکەن. هەوڵی ئاشتیی هورموز گفتوگۆی ئەو بابەتانەی دەگرتەوە''.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران خەتیبزادە، باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی هەوڵی ئاشتیی هورموزی بۆ ئاشتیی هەرێمیی پێشکەش کردووە و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی کێشە هەرێمییەکانی وڵاتانی کەنداو بێتە ئاراوە.

گوتیشی: ''بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا بینیومانە ئەوەیە کە هەندێ لە وڵاتانی کەنداوی بەسرە بە سعوودیەشەوە بێ وەڵامن بەرامبەر پێشنیارەکانی ئێران لەو بارەیەوە''.

هاوکات خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدندا ئامادەی گۆڕینەوەی سزادراوانن لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بنعەبدولڕەحمان ئال سانی، لە ١٩ی کانوونی دووەمدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو کرد بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێراندا و، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ نێوەندگیری راگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی قەتەر کرد بۆ دیالۆگ.