ئێران: چەند کەسێکی تێوەگلاو لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە دیارییکراون

02/12/2020 - 17:29 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

گوتەبێژی حکوومەتی تاران، عەلی رەبیعی ئەوەی ئاشکرا کرد کە چەند کەسێکی تێوەگلاو لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە دیارییکراون.

عەلی رەبیعی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند "وەزارەتی هەواڵگری، چەند کەسێکی تێوەگلاو لە تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادە-ی دیارییکردووە".

گوتەبێژی حکوومەتی تاران، عەلی رەبیعی ئەوەشی خستەڕوو کە کردە تیرۆرستییەکە لە هەموو رەهەندێکەوە بەدواداچوونی بۆکراوە و لەگەڵ کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان هەنگاوی پێویست دەگیردرێتە بەر.

لای خۆیەوە وەزیری هەواڵگری ئێران، مەحمود عەلەوی لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا رایگەیاندبوو، چەند سەرەداوێکیان لەبارەی تیرۆرکردنی فەخریزادە لەبەردەستدایە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستبووە روو.

رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەمی رابردوو، زانای ئەتۆمیی ئێران، موحسین فەخریزادە لە شارۆچکەی ئابسەرد سەربە پارێزگای تاران لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا تیرۆر کرا.

بەرپرسانی ئێران تۆمەتی تیرۆرکردنی فەخریزادە دەدەنە پاڵ ئیسرائیل.