نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: ساڵی داهاتوو، ٢٣٥ ملیۆن كه‌س پێویستی به‌ هاوكاری مرۆیی ده‌بێت

01/12/2020 - 18:10 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ ٢٠٢١دا، ٢٣٥ ملیۆن كه‌س پێویستی به‌ پاراستن و هاوكاری مرۆیی ده‌بێت.

نووسینگه‌ی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ راپۆرتی پلانی هاوكاری مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ هاوكاری مرۆییە‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهان ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌ و‌ به‌راورد به‌ هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوو به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا ٤٠ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ٢٠٢١ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ هاوكاری مرۆیییه‌ له‌ وڵاتێكدا ژیابووان، ئه‌وا ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌ ٢٣٥ ملیۆن كه‌س ده‌بوو.

نووسینگه‌ی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی له‌وه‌یش كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئامانجی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوبه‌شانی ئه‌وه‌یه‌ هاوكاری ١٦٠ ملیۆن كه‌س بكه‌ن كه‌ لێیان قه‌وماوه‌ و دووچاری برسێتی، پێكدادان، ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ربوون، گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون.​​​​​​​