سەرکۆماری لوبنان لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی تەقینەوەی بەیروت رەتدەکاتەوە

07/08/2020 - 23:48 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

میشێل عەون لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیروت ئەنجامیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کرد کە ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو روویدا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ١٥٤ کەس کوژراون و نزیکەی پێنج هەزاری دیکە برینداربوون.

میشێل عەون لەبارەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر رووداوەکە گوتی: "ئامانج لە داواکاری بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە بارەی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بەندەری بەیروت لەناوچوونی راستییەکانە".

راشیگەیاند، پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان دەستپێبکرێن بەڵام پەلەیان تیادا نەکرێت.

عەون گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکە بەرپرسانی راستەخۆ دەگرێتەوە. دەرگای دادگاکان بەڕووی گەورە و بچووک کراودەبێت، پارێزگاریی لە هیچ کەسێک ناکرێت کە لە تەقینەوەکەوە تێوەبگلێن، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کەسانی دیکە تێوەگلاون".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، حکوومەتی لوبنان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی تەقینەوەکەوە پێنج رۆژ دەخایەنێت، بەڵام سەرۆک حیزبەکان و سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو و موفتی لوبنان داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتییان کرد لەبارەی رووداوەکە.

سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان هۆکاری داواکاریی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتییان گەڕاندەوە بۆ متمانە نەبوون بە دەسەڵاتی لوبنان و بە گوتەی ئەوان دەسەڵات دەست لە کاروباری دادگاکان وەردەدات.

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی داواکاریی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی سەردانەکەی کە رۆژی پێنجشەممە بۆ بەیروت ئەنجامیدا لەبارەی دووبارەی بنیاتنانەوەی سیستەمی سیاسیی لە لوبنان، سه‌ركۆماری لوبنان، رایگەیاند: "ئێمە لەبەردەم گۆڕانکاریی و دووبارە پێداچوونەوە بە سیستەمی سیاسیمانداین".

گوتیشی: "(رژێمی ئێستا) ناتوانێت بڕیارێک بدات و بەپەلە جێبەجێی بکات، چونکە دەبێ بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕێت و لەسەر بنەمای سازان بێت، کاتێک کە کەسەکان زیاد دەبن ناتوانرێت بگەیتە سازان، بۆیە چاکسازیی لەم جۆرە کەشەدا ئەستەمە".

لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەشه‌وە میشێل عه‌ون گوتی: "هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا نەبووە، ئەگەری هێرشی دەرەکی ئەگەرێکی کراوەیە، ئەویش لە رێگەی مووشەک یان بۆمب یان هەر کارێکی دیکە".

راشیگەیاند: "داوام لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد وێنەکانی تەقینەوەکەمان لە رێگەی مانگی دەستکردەوە پێ بدات، ئەگەر وێنەکان لەلای فەڕەنسا نەبوون، داوا لە وڵاتی دیکە دەکەین".

عه‌ون ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای رووداوەکە ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان پەیوەندییان پێوە کردووە و ئامادەییان نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و ناردنی دەرمان.

سەرکۆماری لوبنان راشیگەیاند، یارمەتیی نێودەوڵەتی دیکە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەنە وڵاتەکەی و گوتی: "بەیروت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر دەگەڕێتەوە دۆخی به‌ر له‌ تەقینەوەکە و بیرۆکەی ئەوەمان هەیە کە هەر وڵاتێک بەشێکی ناوچە زیانپێگەیشتووەکان چاک بکاتەوە".