یەکێتیی ئه‌وڕوپا بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی، کۆبوونەوەی لووتکە سازده‌كان

08/07/2020 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەوروپا لەبەردەم چەند کێشەیەکی دیکەی گەورە و ئاڵۆزدایە، پرسی رێکخستنی بودجەی وڵاتانی یەکێتییەکە، گۆڕینی کەشوهەوا، پەیوەندییەکانی نێوان بروکسل و پەکین و تێڕوانین و ستراتیژییەتی یەکێتییەکە لەبەردەم گۆڕانکارییە جیهانییەکان بەتایبەتی ئەوانەی وابەستەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقان

پاوڵۆ جێنتیلۆنی، کۆمیسیاری ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا پێیوایە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم وەرزەش بەردەوام بن و کۆرۆنا زیاتر زیانی هەبێت لەوەی پێشبینییان کردووە ، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەجۆرێكی قورستر لەوەی کە پێشبینیمان دەکرد لە ئابووریی یەکێتییەکەی داوە. بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێژەی 8.7% دادەبەزێت.

ئەوە یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی بەردەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کە بڕیارە ئەمڕۆ ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بچنە پەرلەمانی ئەوروپا و لەوێ گوتارێک لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم لووتکەی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا پێشکەش بکەن.

لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە 36 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی ئەوروپا، نزیکەی نیوەیان لە دەریای نێوەڕاستەوە رۆیشتوون و لەنێوانیاندا نزیکەی 260 کەس لەنێو دەریا خنکاون.

دابەشکردنی کۆچبەران لەنێوان وڵاتانی یەکێتییەکە و پاراستنیان یەکێكە لە ئاستەنگەکانی بەردەمیان.

هۆست زیهوڤەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، لەدوای قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015دا، ئیدی کاتی هاتووە یەکێتیی ئەوروپا چەند یاسایەک دەربکات بۆ ئەوەی لەلایەک پابەندبوونە مرۆییەکانیان لە ئاست کۆچبەران جێبەجێبکەن، لەلایەکی دیکەوە بە یاسا هاتن و وەرگرتنی کۆچبەران رێکبخەن و سنووردار بکەن .

برێکزیت کێشەیەکی دیکەی بەردەم ئەوروپییەکانە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئەگەری چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە بەبێ رێککەوتن لەئارادایە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش هەردوولا دەرفەتی رێککەوتنیان هەیە، چونکە لە ساڵی 2021دا، ئیدی پەیوەندی نێوان لەندەن و برۆکسل لەچوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپا دەپچڕێت.

پاوڵۆ جێنتیلۆنی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر قۆناخی کاتیی کۆتاییهات و بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا بێگومان ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی کە ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە و جێگیرە، بەو جۆرە نامێنێتەوە، "بەدڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکان زیاتر لەسەر بەریتانیا دەبن".

لەبەرامبەردا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بە برێکزیت لە ئەوروپییەکان گەشبینترە، دەڵێت، "ئەگەرهات و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نەگەیشتینە رێککەوتن، ئەوا بەبێ رێککەوتن دەچینە دەرەوە".