ھەرێمی کوردستان.. ٧٢٣ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

17/10/2020 - 16:28 بڵاوکراوەتەوە لە كۆڕۆنا

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٢٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ٢٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٦٠ ھەزار و ٩٠٦ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە دوو ھەزار و ١٢٩ کەس.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩)ی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٢٦٢ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و، دەرەنجام ٧٢٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ٢٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

پارێزگای ھەولێر، ١٥٦ تووشبوو، سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پارێزگای سلێمانی، ١٤٩ تووشبوو، نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

ئیدارەی گەرمیان، ٣٠ تووشبوو.

پارێزگای دھۆک، ٣٦٥ تووشبوو، هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پارێزگای ھەڵەبجە، ٢٣ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٩١ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٥٥٨ ھەزار و ٧٢١ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٦٠ ھەزار و ٩٠٦ تووشبوو کە ٢٢ ھەزار و یەک لە ھەولێر، ١٩ ھەزار و ٤٣٩ لە سلێمانی، ١٧ ھەزار ٣٥٤ لە دھۆک و، دوو ھەزار و ١١٢ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ١٢٩حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٦٣٢ لە ھەولێر، ھەزار و ٦٥ حاڵەت لە سلێمانی، ٣٧٠ لە دھۆک و لە ٦٢ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.


كورته‌                      SpedaXCorona