دیجیتال میدیای سپێده
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەو شەڕەی کە ئێوارەی دوێنێ لە قەزای خەبات سەربە پارێزگای هەولێر روویدا، پێنج کەس کوژران و دوو کەسی دیکە برینداربوون.
لەو روونکردنەوەیەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "ئێواەی دوێنێ کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبوونی رووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەورەبەن سنووری ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات لە نێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ح. ر. پ.)، دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی شوێنی رووداو و ئارامکردنەوەی ئەو گرژیەی لە شوێنی رووداو دروستبوو بوو".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە دەرکەوتووە کە لەسەر کێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ن. ح.) و (ف. ح.) و (ف. ح.) دەبێتە دەمەقاڵی و گرژی لەنێوانیاندا روودەدات لەم نێوەندەدا لە لایەنی یەکەم لە (ا. ر. پ.) و (ا. ا. ر.) و (ز. ا. ر.) و (س. ا. ر.) کوژراون و لە لایەنی دووەم (ف. ح.) کوژراوە وە دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی (ف. ح.) و (ن. ح.) کە برینداربوونە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون".
لە کۆتایی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دراوە کە لەکاتی ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە.