دیجیتال میدیای سپێده
دوای ئەوەی کە شەپۆلێکی بەفربارین لە دوێنێوە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا رێژەیەکی زۆر بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی باریوە و بەو هۆیەوە رێگای سەرەکی چەندین ناوچە گیراوە بەڕووی هاتوچۆدا و لەئێستادا، تیمە تایبەتەکانی شارەوانی سەرقاڵی کردنەوەی رێگاکانن.
بەهۆی بەفربارینەوە رێگای سەرەکیی گەرمیان-سلێمانی گیراوە و لەئێستادا جوڵەی ئۆتۆمبێل لەنێو تونێلی دەربەندیخان بەهۆی بەفربارینەوە گیراوە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان بڵاوی کردووەتەوە، مەفرەزەکانیان لەڕێگای سەرەکی دەربەندیخان-سلێمانی لە کاردان و چاوێری و هاوکاری شۆفێران دەکەن و رایگەیاندووە ''ئاگاداریان کردین کە رێگاکە بەتەواوی گیراوە و هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت تێپەڕێت، بەتایبەت لە بەرزاییەکانی قاشتی و بیرکێ".
هاوکات بەهۆی بەفربارینەوە رێگای سەرەکیی سلێمانی-شارباژێر ئاستەنگی تێکەوتووە و بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە رووداێکی نەخوازراو، مەفرەزەکانی پۆلیس هاتوچۆکردنیی ئۆتۆمبێلیان سنوردار کردووە.
لەلایەکی تریشەوە بەهۆی بەفربارینەوە زۆرێک لەو شۆفێرانەی کە بەنیازن سەردانی شارۆچکەی پێنجوێن بکەن، لەلایەن بازگەکانەوە پێیان رادەگەیەندرێت کە رێگاکان داخراون و هاتوچۆ بۆ شارۆچکەی پێنجوێن و گوندەکانی دەورووبەری راگیراوە.