- بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران: "لەبەر بارینی بەفرێکی زۆر و سەختی رێگاکان و کەمبوونی ئاستی بینین، داوا دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت لەئێستادا، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نەکرێت بە مەبەستی گەشتکردن".
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران راگەیەندراوێکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و تیایدا ھۆشداری دەدات لە خراپی بارودۆخی ناوچەکە بەھۆی کەشوھەوا و بارینی بەفرێکی زۆرەوە و داوا لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکات کە ئەگەر حالەتێکی زۆر پێویست نەبێت، لەئێستادا سەردانیکردنەکەیان رابگرن تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران-دا هاتووە "ئاگاداری ھەموو گەشتیاران و ھاووڵاتییان دەکەین کە لەبەر بارینی بەفرێکی زۆر و سەختی رێگاکان و کەمبوونی ئاستی بینین و تێکردنی بەفرێکی زۆر بە با و کرێوە و خراپی کەشوھەوا، سەرەرای خاوێنکردنەوەی شەقام و رێگا سەرەکییەکان، لەلایەن تیمەکانی بەفر راماڵینی بەرێوەبەرایەتی چاککردنی رێگاوبان و تیمەکانی بەشی خزمەتگوزاریی دەروازەکەمان، ھەروەھا بارینی بەفرێکی زۆر لەناو رێگاکانی ناو سنووری ئێران-دا، داوا دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت لەئێستادا، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نەکرێت بە مەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە لە ئێرانیشەوە دەیانەوێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن تا بارودۆخەکە بە باشی ئاسایی دەبێتەوە".