دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەمڕۆ شەممە 2020/12/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێ کرا.
له راگهیهنراوی كۆبوونهكهدا هاتووه، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژه بهوهشكراوه، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش و حەفتی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.
ئهوهش هاتووه، سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، لەیەکگەیشتنی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتەئاراوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتووین.
پێشتر، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، عێراق چەند پێشنیازێکی داوە بە شاندی هەرێم کە تیایدا، پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ١٢.٦٧٪ دەبێت، دەشڵێت، لەبەرامبەر ئەمەدا ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات و کۆی داھاتی خاڵە سنورییەکان و داھاتی ناوخۆی هەرێمیش بگێڕیتەوە بۆ عێراق.