نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 93،96 دۆلار

15/09/2022 - 12:25 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٩٣ دۆلار و ٩٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٩٥ دۆلار و ٧٩ سەنت و رۆژەکەی بە ٩٤ دۆلار و ١٠ سەنت تەواو کرد.

کاتژمێر ٠٩:٣١ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٠،١٤ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٩٣ دۆلار و ٩٦ سەنت فرۆشرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٨٨ دۆلار و ٤٨ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

زیادبوونی یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا بەڕێژەیەکی زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دروست کردووە، فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا هەفتەی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و بۆ ٤٢٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدا کە وا پێشبینی دەکرا یەدەگەکان ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەم بکەن، زیادبوونی یەدەگەکانی نەوت زیاتر لە رێژەی چاوەڕوان کراو، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دابەزینی نرخەکان.

لە بەرامبەریشدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەوەی راگەیاند کە زیادبوونی نرخی غازی سروشتی لە رێگەی بەکارهێنانی نەوتەوە هاوسەنگ دەکرێت و بەم هۆیەشەوە چاوەڕێ دەکرێت لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت بەرامبەر بە ساڵی رابردوو، رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل زیاد بکات. ئەم راگەیەندراوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی نیگەرانییەکان لە بارەی خواست لەسەر نەوت.

لە لایەکی دیکەشەوە دوای ئەوەی کرێکارانی کەرتی هێڵی ئاسنین لە ئەمریکا لە گفتوگۆی تایبەت بە گرێبەستەکانیاندا نەگەیشتنە رێککەوتن، پرسی مانگرتنی کرێکاران هاتە ناو رۆژەڤ و ئەمەش نیگەرانییەکانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت زیاتر کرد.

کرێکارانی کەرتی هێڵی ئاسنین لە ئەمریکا ئامادەکارییان بۆ ئەوە کردووە کە رۆژی ١٦ی ئەیلوول، دەست بە مانگرتن بکەن، بەم هۆیەشەوە کۆمپانیای ئامتراک کە گەورەترین کۆمپانیای هێڵی ئاسنینە لە ئەمریکا، زۆربەی گەشتە دوورمەوداکانی سبەی و رۆژانی دواتری هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەمە جگە لەوەی کە هەڵئاوسان لە بازاڕەکانی جیهاندا، دابەزینی بەهای دراوەکان و پێشبینییەکان بۆ زیادکردنی سوو لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، هۆکاری دیکەن بۆ بەردەوام بوونی دابەزینی نرخی نەوت.

باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٩٤ دۆلار و ٢٤ سەنت بۆ ٩٤ دۆلار و ٤٥ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٩٣ دۆلار و ٨٣ سەنت بۆ ٩٣ دۆلار و ٦٣ سەنت بمێنێتەوە.