یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا دەکات

04/05/2022 - 13:28 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

كۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی سزای نوێ لەبارەی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا، خستەڕوو.
سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا لەبارەی "کاریگەری جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری یەکێتیی ئەورووپا"، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو باسی لە پاکێجی نوێی سزاکان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ شەشەمین پاکێجی سزاکان دژی رووسیا دەخەینەڕوو".
ڤۆن دێر لاین ئاشکرای کرد ژمارەیەک ئەفسەری باڵا و کەسایەتی دەخرێنە لیستی سزاکان کە تاوانی جەنگیان لە بوچا ئەنجامدا و بەرپرسیار بوون لە گەمارۆدرانی شاری ماریوپۆڵ.
ناوبراو گوتیشی: "بانکی بەناوبانگی رووسیا، سبیربانک و دوو بانکی دیکەی رووسی لە سیسته‌می سویفت (SWIFT) دەردەکەین. بەم جۆرە گرینگترین بانکە داراییەکانی رووسیا دەکەینە ئامانج و پەکیان دەخەین".
سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین ئەوەشی خستەڕوو کە قەدەغە دەخرێتە سەر پەخشی سێ کەناڵی تەلەفزیۆنی سەربە حکوومەتی رووسیا و رێگە نادرێت ئەو دەزگا میدیاییانە بە هیچ جۆرێک بەردەوامی بە پەخشەکانیان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بدەن.
ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە رێگە لە راوێژکار و ژمێریارە ئەورووپییەکان دەگرن خزمەت پێشکەش بە کۆمپانیا رووسییەکان بکەن.
ڤۆن دێر لاین ئەوەشی وەبیرهێناوە کە سەرکردەکان لەمیانی کۆبوونەوەی ڤێرسای کۆک بوون لەسەر ئەوەی کۆتایی بە پشتبەستن بە وزەی رووسیا، بهێنن و گوتیشی: "تاوتوێی بابەتی پشتبەستن بە نەوتی رووسیا دەکەین. پێویستە ئەوە بگوترێت ئەمە کارێکی ئاسان نابێت. بەشێک لە وڵاتانی ئەندام بە ئاستێکی بەرز پشتیان بە نەوتی رووسیا بەستووە. لەئێستادا پێشنیازی قەدەغەکردنی نەوتی رووسیا دەکەین. ئەم قەدەغەکردنە جگە لە بەرهەمەکانی نەوت، نەوتی خاویش دەگرێتەوە کە لە رێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە".
ناوبراو باسی لەوە کرد قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بە جۆرێک دەبێت، کاریگەری ناکاتە سەر بازاڕەکانی وزە لە جیهان و بەچەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، هەروەها گورزێکی کوشندە لە ئابووری رووسیا دەدات.
یەکێتیی ئەورووپا پێشتریش پێنج پاکێجی سزای دژ بە رووسیا خستبووە بواری جێبەجێ کردن.
بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکە، پێویستە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەن پەسەند بکرێت.