نه‌وتی خاوی برێنت بە ٨٥،٤٤ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

21/10/2021 - 13:27 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ٨٥ دۆلار و ٨٩ سەنت و رۆژەکەی بە ٨٥ دۆلار و ٨٢ سەنت تەواوکرد.

ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٠٩ەوە نرخەکەی بە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی لەسەدا ٠،٤٤ دابەزیوە و بە ٨٥ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لە ھەمان کاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە ٨٣ دۆلار و ٢٢ سەنت فرۆشرا.

لە کاتێکدا نرخی نەوت بەردەوام لە سەرووی ٨٥ دۆلارەوەیە، ئاساییبوونەوەی ئابووریی جیھان و ناھاوسەنگی زیادبوونی خواست و دابەزینی خستنەڕوو کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست دەکەن.

چین کە یەکێکە لە گەورەترین بەکارھێنەرانی نەوت لە جیھاندا، داتاکان لەبارەی ئابوورییەکەی کە لە خوار چاوەڕوانییەکانەوەیە، تێڕوانینی خاوبوونەوەی ئابووریی جیھانی بەھێز کرد و ئەوەیش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت ھەبوو.

لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی یەدەگی نەوتی خاوی بازرگانی ئەمریکا دابەزینی نرخی نەوت سنوردار دەکات، بەپێی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، یەدەگی نەوتی خاوی بازرگانی لەو وڵاتەدا لە ھەفتەی رابردوودا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل (٠.١٪) کەمی کردووە و بووەتە نزیکەی ٤٢٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل.

لەو ماوەیەدا یەدەگی بەنزینی ئەمریکا پێنج ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل (٢.٤٪) کەمی کرد و دابەزی بۆ ٢١٧ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار بەرمیل. دابەزینی یەدەگی نەوتی خاو و بەنزین پشتگیری لە بۆچوونەکانی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت دەکەن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی غازی سروشتی و خەڵووز، رووکردنە بەکارھێنانی نەوت لە بەرھەمھێنانی کارەبادا زیادی کردووە، ئەوەیش خواستی لەسەر نەوت زیادکردووە و ھۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

شارەزایان پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەکەی ناھاوسەنگی خواست-خستنەڕووە لە بازاڕە جیھانییەکاندا ببێتە ھۆی ئەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا بۆ ٩٠ دۆلار بەرز ببێتەوە.

باس لەوەیش دەکرێت کە رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٨٥ دۆلار و ٦٨ سەنت بۆ ٨٥ دۆلار و ٩١ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٥ دۆلار و ٣٢ سەنت بۆ ٨٥ دۆلار و ١٩ سەنت بمێنێتەوە.