دیجیتاڵ میدیای سپێده
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى زۆرێك له تۆڕه‌كانی به‌قاچاخبردنی سوته‌مه‌نی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێت، له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا كۆتایی به قه‌یرانی سووته‌مه‌نی له به‌غدا و به‌شێك له پارێزگاكان ده‌هێنرێت.
خالید ئه‌لموحه‌ننا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕاگه‌یاند، له ماوه‌ی ڕابردوودا له به‌غدا و هه‌ندێك له پارێزگاكان قه‌یرانی سووته‌مه‌نی دورستبوو چونكه هه‌ندێك كه‌س سوته‌مه‌نیان به قاچاخ ده‌برد بۆ هه‌رێمی كوردستان.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تی ناوخۆى عێراق گوتى، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و به‌رچاوی هه‌بوو له نه‌هێشتنى زۆرێك له تۆڕه‌كانی قاچاخچێتی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خاڵه‌كانی پشكنین له ناوچه‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان.
خالید ئه‌لموحه‌ننا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان فه‌رمانی به فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان كرد ئه‌ركی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌قاچاخبردنی سوته‌مه‌نی بگرنه‌ئه‌ستۆ و هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێكهاته‌كان و یه‌كه‌كاندا به‌رده‌وامه، گوتیشى، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره هه‌یه بۆ رێگریكردن له دزه‌كردنی سووته‌مه‌نی یان به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان و له ڕۆژانی داهاتووشدا كۆتایی به كه‌می سووته‌مه‌نی له به‌غدا و هه‌ندێك پارێزگا دێت.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق جه‌ختیكرده‌وه كه، هه‌ندێك له خاوه‌ن به‌نزینخانه‌كان بڕێك سووته‌مه‌نی هه‌ڵده‌گرن به مه‌به‌ستی دزه‌كردنی و فرۆشتنی له بازاڕی ڕه‌شدا و باسی له‌وه‌شكرد كه زۆرێك له‌و وێستگانه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، جگه له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر تانكه‌ری گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی.