فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە مەکسیک قەدەغە کرا

رابه‌ر شه‌كرالی 01/06/2022 - 13:50 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی مەکسیک، ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر بڕیارنامەیەکی واژوو کرد کە فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری مەکسیک قەدەغە دەکات.

لۆپێز ئۆبرادۆر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا بەو بڕیارنامەیەی واژووی لەسەر کرد بووە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر یاسای گشتی کۆنترۆڵکردنی توتنی وڵاتەکەیدا بێت.

لە میانی گۆڕانکارییەکەدا، فرۆشتن و خستنەبازاڕی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە نەوەی نوێی بەرهەمەکانی توتنە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە قەدەغە کرا.

جێگری وەزیری تەندروستیی مەکسیک، هوگۆ لۆپێز گاتێڵ رایگەیاند کە بە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە گوایە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی نەوەی نوێی توتن زیانی کەمترە، هانی خەڵک دەدرێت بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە جگەرەیە.

هوگۆ لۆپێز گاتێڵ ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیاکانی توتن بەشێوەیەکی گشتی بەم جۆرە بەرهەمانە گەنجان بە ئامانج دەگرن.