"کۆتایی مانگی شوبات ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و کوردستان"

21/01/2021 - 14:48 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

- وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی: "لە دوو ئاراستەوە لە ھەوڵی دابینکردنی ڤاکسینداین، یەکەمیان لەبڕە ڤاکسینەکەی دەگاتە عێراق پشکمان ھەیە، دووھەمیش لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر و کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکان گفتوگۆمانکردووە کە ڤاکسینمان بۆ دابینبکەن".

لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی پێداچوونەوە بە کاری نەخۆشخانە تایبەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی ھەرێم، سامان بەرزنجی بۆ رۆژنامەنووسان دواو و رایگەیاند "ئامانجمان کەمکردنەوەی نرخەکانە لەخزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان، کەمکردنەوەکانیش ھەموو بوارەکانی پشکنین و دەرمان و نەشتەرگەری وھەموو خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەگرێتەوە".

گوتیشی: "وەزارەتی تەندروستی پرۆسەیەکی چاکسازی دەستپێکردووە لەبارەی دەوامی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکاندا".

لەبارەی وادەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە بۆ ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە، لیژنەیەکی باڵای کوردستان لەسەر ھێڵن لەگەڵ عێراق و کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی ڤاکسین، ئێستا لە دوو ئاراستەوە کار لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەکەین، لە رێگەی عێراقەوە کە تایبەتە و، پشکی ھەرێمی کوردستان دیارکراوە و، شوێنەکانی دابەشکردنیان دیاریکراوە و، ئەوانەی کە بەکاری دێنن خوولیان بۆ دەکرێتەوە، پێشبینی دەکەین ئەمەیان لە کۆتایی مانگی شوبات پشکی بەغدا لە ڤاکسینەکە بگات و، لەوەش پشکی ھەرێم دەنێردرێت".

گوتیشی:"لە ئاراستەی دووەمیشدا لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی دیکە بۆ دابینکردنی ڤاکسینەکەگفتوگۆکراوە، کە ئەوە لەسەر ئاستی کوردستان گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە ئاسانکارییش لەوبارەیەوە کراوە، بەڵام ھاتنی ڤاکسینەکە ئاسان نییە چونکە ھەم سنووردارە ھەم کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکان ژمارەیان کەمە".