فەیسبووك رێگە بە كارمەندانی دەدات تا حوزەیرانی 2021 لە ماڵەوە كار بكەن

07/08/2020 - 10:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵەكان

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

 تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاند كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ رێگە بە كارمەندانی دەدات تا مانگی تەمووزی ساڵی 2021 لە ماڵەوە درێژە بە كاركردن بدەن.

تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاند كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19)وە رێگە بە كارمەندانی دەدات تا مانگی تەمووزی ساڵی 2021 لە ماڵەوە درێژە بە كاركردن بدەن.

ژمارەی كارمەندانی فەیسبووك نزیكەی 48 هەزار كەسە كە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی ئاداری رابردوو، تا ئێستا لە ماڵەوە كار دەكەن.

پێشتر فەیسبووك رێگەی بە كارمەندانی دابوو تا كۆتایی 2020 لە ماڵەوە كار بكەن.

گوتەبێژی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك كە ناوی ئاشكرا نەكراوە رایگەیاندووە، پشت بەستن بە راسپاردەكانی شارەزایانی بواری تەندروستیی و لەبەر پاراستنی تەندروستیی كارمەندانیان، شێوازی كاركردنیان لە ماڵەوە تا مانگی تەمووزی ساڵی 2021 درێژكردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەیش داوە ئەو كارمەندانەی كە لە ماڵەوە كاركردن، مانگانە هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن پێدوایستییەكانیان پێ دابین بكەن.

پێشتر سەرۆكی جێبەجێكاری فەیسبووك، مارك زەكربێرگ رایگەیاندبوو كە كۆمپانیاكەی بیر لەوە دەكاتەوە، نیوەی كارمەندانی بۆ 15 ساڵ لە ماڵەوە كار بكەن.

لە ماوەكانی رابردوودا، بەهەمان شێوە كۆمپانیای تەكنەلۆجیای ئەمریكی گووگڵ، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كاركردنی لە ماڵەوە تا 30ی حوزەیرانی 2021 درێژكردبوویەوە.