ئەڵمانیا: ساڵانە پێویستمان بە 400 هەزار کۆچبەر هەیە

24/08/2021 - 19:11 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئاژانسی کاری ئەڵمانیای فیدراڵ، دیتلیف شیڵ رایگەیاند کە وڵاتەکەی ساڵانە پێویستی بە ٤٠٠ هەزار کۆچبەر هەیە.

دیتلیف شیڵ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وا دەبینرێت پێویستی بازاڕی کار لە ئەڵمانیا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و گوتی: ''ساڵانە پێویستمان بە ٤٠٠ هەزار کۆچبەر هەیە. بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە. پێویستییمان بە پسپۆڕان و ئەکادیمیسیان هەیە لە بواری چاودێرییکردنی بەتەمەن و نەخۆش و لۆجستی تەکنیکی هەوا.

سەرۆکی ئاژانسی کاری ئەڵمانیای فیدراڵ هەروەها بە پێویستی زانی بابەتی هێزی کاری کۆچبەر و پەنابەر تێکەڵ نەکرێت و رایگەیاند ''ئەو بابەتە کێشەیەکی مرۆییە. ئەو پەنابەرانەی لە ئەفغانستانەوە دێن ئەگەر بەڕێبکەون ئەوا ئەڵمانیا دەبێت ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئەنجامی بدات، بەڵام بەلای منەوە پڕکردنەوەی بۆشایی بازاڕی هێزی کار گرنگە.

دیتلیف شیڵ گوتیشی: ''دەتوانین بڵێین؛ بیانی ناخوازین، بەڵام ئەو کارانە وا نابن. وەک گوتم یەکێکیان کێشەیەکی مرۆییە، ئەوی دیکەیان کێشەی بازاڕی هێزی کارە. نابێت هەردووکیان تێکەڵ بکرێن. راستییەکەی ئەوەیە کە هێزی کار لە ئەڵمانیا تەواو دەبێت، بەڵام ئەو بۆشاییە دەکرێت لەلایەن ئەو کەسانەوە پڕ بکرێتەوە کە بەهۆکاری مرۆیی مافی پەنابەرێتیان پێ دەدرێت. لە شەپۆلەکەی ٢٠١٥ی پەنابەراندا زۆر کەس هەبوون کە خاوەن ئامانج بوون. بە رای من خەڵکی وڵاتی خۆی جێناهێڵێت بۆ ئەوەی لە کەمپی پەنابەراندا دانیشێت''.

سەرۆکی ئاژانسی کاری ئەڵمانیای فیدراڵ هاوکات باسی لەوە کرد کە بەهۆی پەرەسەندنی دیمۆگرافییەوە ژمارەی کەسانی بەتوانا لەمساڵدا نزیکەی ١٥٠ هەزار کەم دەکات و گوتی: ''رەنگە لە ساڵانی داهاتوودا ئەوە دۆخێکی زۆر زیاتر دراماتیکی وەرگرێت.