وەزیری کشتوکاڵی هه‌رێم: لە سبەینێوە رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دەدرێت

14/10/2020 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی: "بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و بەرز نەبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارماندا بە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی تەماتە لە رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمەوە".
 
 دوای سێ مانگ لە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە سبەینێوە رێگە دەدات بە هاوردەکردنی تەماتە بەپێی یاسا و رێنماییەکان.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە واژووی وەزیری کشتوکاڵ، بێگەرد تاڵەبانی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرکی هەرێمی کوردستان کراوە، تیایدا بڕیاردراوە بە "رێگەپێدان بە هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات لە رێککەوتی ١٥ی تشرینی یەکەمەوە بەپێی یاسا و رێنماییەکان و رێنماییەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵی".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی بڕیارەکە رایگەیاند "بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و بەرز نەبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارماندا بە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی تەماتە لە رۆژی پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم".