بەرمیلێك خاوی برێنت به‌‌‌ 42 دۆلار و 88 سه‌نته‌

08/07/2020 - 16:44 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

فه‌رمانگه‌ی زانیاری وزه‌ی ئه‌مریكا، پێشبینی ده‌كات نرخی نه‌وت له‌مساڵدا به‌‌ 40 دۆلار و پێنج سه‌نت بێت.

له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت به‌‌‌ 42 دۆلار و 88 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

رۆژی هه‌ینی نرخی خاوی برێنت گه‌یشته 43 دۆلار و45 سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به‌ 43 دۆلار و هه‌شت سه‌نت ته‌واوكرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتژمێر ٠٩:٣٦ه‌وه،‌ نرخی نه‌وت به‌ به‌راورد به‌ كاتی داخستنی بازاڕ له‌ دوێنێدا به‌ڕێژه‌ی ‌سه‌دا ٠،٤٦ دابه‌زیوه‌ و به‌ ٤٢ دۆلار و ٨٨ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

له‌هه‌مان كاتدا نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس (WTI)، به‌ ٤٠ دۆلار و ٤١ سه‌نت كڕیاری هه‌بوو.

به‌پێی ته‌خمینه‌كانی په‌یمانگای نه‌وتی ئه‌مریكی، نه‌وتی خاوی بازرگانیی عەمبارکراو له‌ ئه‌مریكا ٢،٠٥ ملیۆن به‌رمیل زیادی كردووه. ‌له‌ كاتێكدا ئه‌و زیادبوونه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌و وڵاته‌دا، هاوكات بووه‌ته‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت.

هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ی زانیاری وزه‌ی ئه‌مریكا، بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ پێشبینی بۆ نرخی نه‌وت له‌مساڵدا به‌ئاڕاسته‌ی به‌رزبه‌ونه‌وه‌ بووه‌ و پێشبینی ده‌كات نرخی خاوی نه‌وت به‌ ٤٠ دۆلار و پێنج سه‌نت بێت. مانگی رابردوو پێشبینیكردبوو به‌ ٣٨ دۆلار بێت.

هاوكات باس له‌‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان ٤٢ دۆلار و ٩٨ سه‌نت بۆ ٤٣ دۆلار و هه‌شت سه‌نت بەرهەڵستی بنوێنێت و نرخه‌كه‌ی له‌نێوان ٤٢ دۆلار و ٧٥ سه‌نت بۆ ٤٢ دۆلار و ٦٥ سه‌نت بمێنێته‌وه‌.