هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

نێچیرڤان بارزانی و ئیبراھیم ڕەئیسی جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانیان کردەوە

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی کۆبووەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق بڵاویکردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم، وەزیری ناوخۆی ھەرێم و شاندێکی سەرۆکایەتیی ھەرێم ئامادەی بوون، ھەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی ھاوبەش و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووری کردەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرکۆماری ئێران ڕەئیسی سوپاس و پێزانینی کۆماری ئیسلامی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە بۆ ئەو ھاریکارییەی پێشکەش بە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەکان لە باشووری عێراق دەکات لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ھەرێمی کوردستاندا، جەختیش لەوەکراوەتەوە کە سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیری و ھاریکاریی ئێرانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داکۆکییان لە پێویستی و گرنگیی بەردەوامیی ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێم کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ یەکشەممە ٥ی ئایار سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی بە بانگھێشتێکی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە یاوەریی شاندێک گەیشتە تاران.

شاندەکەی یاوەری سەرۆکی ھەرێم بریتیین لە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم، وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم فەوزی ھەریری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ھەرێم.

ئەمڕۆش سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی ڕابەری ئێران، عەلی خامنەیی کۆبووەتەوە و بڕیارە کەمێکی دیکەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان کۆببێتەوە.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
145,450 دینار
100 یۆرۆ
171.000 دینار
100 پاوه‌ند
195.500 دینار
100 لیره‌
6.000 دینار
100 تمه‌ن
3.250 دینار