جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، قەیس خەڵەف محەمەداوی ئامادەیی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی بۆ ڕووبەڕبوونەوەی چهكدارانی داعشی دووپات کردەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە قەیس خەڵەف محەمەداوی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی نێردەی ناتۆ لە عێراق، نیکۆلا پیزانتی و فەرماندەی شانەی ئاسمانی ئیتاڵیا، پاولۆ کاستێلی کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشھاتەکانی شەڕی دژبە چهكدارانی داعش کراوە، ھەروەھا ئامادەیی و توانای ھێزە عێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چهكدارانی داعش خراوەتە بەرباس و لەو بارەیەوە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، قەیس خەڵەف محەمەداوی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئامادەن ڕووبەڕووی چهكدارانی داعش ببنەوە و ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزن.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی ھەماھەنگی و ھاوکاری ھاوبەش سەبارەت بە ئاسایش و بنیاتنانی تواناکانی ھێزە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری.